شاعیر: سابیری
کتێب: دیوانی سابیری
سەرناو: یووسفی دڵ موزمەحیل ماوە لە نێو بیری فیراق

یووسفی دڵ موزمەحیل ماوە لە نێو بیری فیراق
کوا موسوڵمانێ بزانێ چار و تەدبیری فیراق؟ 

وەرنە سەیری بەرقی ئاھ و ڕەعدی ناڵە و سەیلی ئەشک
ھەر دەڵێی تۆفانەکەی نووحە لە تەئسیری فیراق

بووعەلی سینا و جالینووس و لوقمانی حەکیم
عاجز و داماو و حەیرانن لە تەدبیری فیراق

تا لە توحفەی ڕوومەتی نوسخەی عیلاجم بۆ نەیێ
خۆشەوە نابێ برین و زامی شمشیری فیراق

شێخی ڕوفاعی بە عیلمی جەلجەلووتی موشکیلە
چاری دەردم کا دەرمبێنێ لە زنجیری فیراق

خۆرھەڵاتی، سێبەرێ ناخەیتە سەر سووتاوی ڕووت
ئەی بەری پێ و سێبەرت، قورسی تەباشیری فیراق

قەت تەباشیرت لە سووتاوی لەشی سابیر نەدا
تا بە کەی قوربان بناڵێنم لە تەئسیری فیراق؟ 

ئەی مەسیحالەب بفەرموو با بە جارێ عالەمێ
شێت نەکەم یەکسەر بە ئاھ و سۆزی دڵگیری فیراق

وا لە دووری تۆ لە پا کەوتم مەسیحالەب بەسە
دەستی سابیر بگرە با دەرچێ لە نێو بیری فیراق